جۆن ئادەمس

له‌لایه‌ن: - ئاکۆ محەمەد - به‌روار: 2021-12-31-09:06:00 - کۆدی بابەت: 7453
جۆن ئادەمس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جۆن ئادەمس (بە ئینگلیزی: John Adams) جۆن ئادەمس دووەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە سیاسییەکی ئاشتیخواز و پارێزەر و نووسەر بووە و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەیلەسوفێکی سیاسیی ناوازە و ڕووناکبیر و مامۆستا بووە، زیاتر وەک فەیلەسوفێکی سیاسی ناوبانگی دەرکردوە وەک لە سیاسەتمەدارێک، سەرۆکی شۆڕشی ئەمریکا بوو کە بەهۆیەوە لە دەست بەریتانییەکان ڕزگاریان بوو، هەمیشە بیری لای پەرەپێدانی خود و هەروەها گەشەپێدانی ئەمریکا بووە و گوتویەتی: "خەڵکی و تەواوی نەتەوەکان بەهۆی کاری ساختەکارییەوە لەناو بڵێسەی نەهامەتیدا دەتوێنەوە".

ژیاننامە

جۆن ئادەمس لە ٣٠/١٠/١٧٣٥ لە ویلایەتی ماسەشوستس لەدایکبووە، دایکی لە خێزانێکی پزیشکی بووە و باوکیشی قەشە و جووتیار و پێڵاوساز و ئەفسەری سووپا بووە هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیش بووە، لە زانکۆی هارڤارد خوێندنی پارێزەریی تەواو کردووە، کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە و بەوهۆیەوە ناوبانگی دەرکردوە، هاوسەرەکەی ناوی ئەبیگێل سمیث ئادەمس Abigail Smith Adams بووە و خاوەنی سێ کوڕ و کچێک بوون، بە ناوەکانی جۆن کوینسی ئادەمس John Quincy Adams "کە دواتر دەبێتە شەشەم سەرۆکی ئەمریکا" و چارلس ئادەمس Charles Adams و تۆماس بۆیڵستۆن ئادەمس Thomas Boylston Adams و کچەکەیش ناوی سوسانا ئادەمس Susanna Adams بووە.

جۆن ئادەمس وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

لەمیانەی جەنگی شۆڕشی ئەمریکادا وەک کەسێکی دیبلۆماسی لە فەڕەنسا و هۆڵەندا خزمەتیکردووە و لە بەئەنجامگەیاندنی بەڵێننامەی ئاشتیدا ڕۆڵی هەبووە، لە ساڵی ١٧٨٥ بۆ ساڵی ١٧٨٨ دادوەری دادگای (قەشە جەیمس St.James) بووە و لە سەردەمی حوکومڕانی جۆرج واشنتن دا گەڕاوەتەوە تاوەکو وەک جێگری یەکەمی سەرۆک هەڵببژێردرێت و بووە جێگری یەکەمی سەرۆک و لە دواییدا لە ساڵی ١٧٩٧ بۆ ١٨٠١ بووە دووهەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 
مانەوە وەک جێگری سەرۆک بۆ دوو خوولی سەرۆکایەتی بۆ ئادەمس ئەزموونێکی بێزارکەر بوو بۆ کەسێکی چالاک و ڕۆشنبیر و لەخۆبایی وەک ئەو، لەلای (ئەبیگێل)ـی هاوسەری ناڕەزایی خۆی دەربڕیبوو و گوتبووی "وڵاتەکەم بەو هەموو داناییەی خۆیەوە بێماناترین پێگەیان بۆ من داناوە کە تاوەکو ئێستا هەبووبێت"
کاتێک ئادەمس بووە سەرۆکی وڵات، جەنگی نێوان فەڕەنسییەکان و بەریتانییەکان بارگرانیی زۆری بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا درووستکرد بەتایبەت بۆ سەر هێزە دەریاییەکان و ناکۆکیی زۆر توندی لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی ناوخۆی وڵاتدا لێکەوتەوە، حکومەتەکەی ئادەمس سەرنجیان لەسەر فەڕەنسا بوو، کە دەسەڵاتداران و ڕابەرەکانی، نێردەکەی ئەمریکایان ڕەتکردبووەوە و پەیوەندییە بازرگانیەکانیان ڕاگرتبوو. 
ئادەمس سێ نێردراوی نارد بۆ فەڕەنسا، بەڵام لە بەهاری ساڵی ١٧٩٨ دا فەڕەنسا وەڵامی ئەمریکای دایەوە کە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ڕەتیانکردووەتەوە کە دانوستان بکەن مەگەر ئەوەی کە ئەمریکا بەرتیلێکی زۆریان پێبدات، ئادەمس ئەنجوومەنی فەڕەنسای بە سوکایەتیکردن تۆمەتبارکرد و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکایش نوسراوەکەی چاپکرد کە تیایدا ناوی ئەو سێ نێردراوەی کە ناردبووی بە (X,Y,Z) ناوبردبوو.

وڵات تووشی ئەو جەنگە بوو کە جێفرسن ناوی لێنابوو (ئاڵۆزیی X,Y,Z)، کە بە ئاگادارکردنەوەکانی ئادەمس ئاڵۆزییەکە زیاتر دەبوو، لە هەرشوێنێک سەرۆک دەردەکەوت جەماوەر دەستیان دەکرد بە هاوارکردن، فیدڕاڵستەکان هەرگیز بەمشێوە خۆشەویست نەبوون لای خەڵکی.
ئەنجومەنەکەی ئادەمس بڕە پارەیەکیان دابین کرد بۆ بنیادنانی سێ کەشتی بچووک و کەشتی جەنگی دیکە و زیادکردنی سوپای یەدەگ، هەروەها یاساکانی تایبەت بە سەرپێچی و کەسانی بیانی دەرکرد و کە مەبەست لێیان ڕەوانەکردنەوەی بیانییەکان بوو بۆ وڵاتی خۆیان و ئەم یاسایە وای کرد کە قورس بێت بۆ کۆچبەرەکان دەنگبدەن.
سەرۆک ئادەمس جەنگی ڕانەگەیاند، بەڵام دوژمنایەتییەکە لە دەریادا دەستی پێکرد، لە سەرەتادا کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بە ڕادەیەکی زۆر لەمەترسیدا بوون لە بەرامبەر کەشتییەکانی فەڕەنسادا بەڵام لە ساڵی ١٨٠٠ دا کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە چەکدارەکانی ئەمریکا لەگەڵ بازرگانە چەکدارەکاندا ناوچە دەریاییەکانیان لە سووپای فەڕەنسا پاک کردەوە، سەرەڕای چەندین سەرکەوتنی نایاب لەلایەن سووپا دەریاییەکانەوە، ئاڵۆزیی جەنگ کەم بۆیەوە، نامەیەک لە فەڕەنساوە نێردرا بۆ ئادەمس کە تیدا ئاماژە بەوە دەکرا کە فەڕەنسا حەزی بە جەنگ نییە و بە ڕێزەوە نێردراوی ئەمریکا وەردەگرێت، بە زنجیرەیەک دانوستانی درێژ خایەن ڕێکەوتن کە کۆتایی بەو نیمچە جەنگە هێنا.

بە ناردنی نێردراوی ئاشتی بۆ فەڕەنسا، هامڵتۆنییەکان بە تەواوی بوونە دژی ئادەمس، لە  هەڵبژاردنی ساڵی ١٨٠٠ کۆمارییەکان یەکگرتوو و بەهێزبوون، بەڵام فیدراڵییەکان بە خراپی هەڵوەشابوون. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دەنگەکانی ئادەم چەند دانەیەک کەمتربوو لە تۆماس جێفرسن کە هەڵبژاردنەکەی بردەوە و بوو بە سەرۆک، لە ١/١١/١٨٠٠ پێش هەڵبژاردن، ئادەمس گەیشتە پایتەختی نوێ بۆ وەرگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونی لە کۆشکی سپیدا. لە ئێوارەی دووهەم و لە ژوورە تەواونەکراو و شێدارەکانی کۆشکی سپیدا، نامەیەکی بۆ هاوژینەکەی نووسی و گوتی "بەر لەوەی کە کۆتایی بە نامەکەم بهێنم، نزادەکەم و لە خودا داواکارم کە زۆرترین پیرۆزی بەسەر ئەم کۆشکە و هەموو ئەو کەسانەی کە لە دوایدا دێن و نیشتەجێی دەبن ببارێنێت، هەمیشە کەسانی ژیر و ڕاستگۆ لەژێر بنمیچی ئەم کۆشکەدا فەرمانڕەوایی بکەن".

کۆچی دوایی

لە ساڵی ١٨٠١ ئادەمس خانەنشین بوو و گەڕایەوە بۆ کێڵگەکەی لە کوینسی Quincy، لەوێدا نامەکانی بۆ تۆماس جێفرسۆن درێژەپێدا، لە ٤ی تەمووزی ١٨٢٦ دا کۆچی دوایی کرد و لە دواهەمین وشەکانیدا دەیگوت "جێفرسن دەژی" بەڵام جێفرسۆن چەند کاتژمێرێک بەر لەوە لە مۆنتیسێلۆ کۆچی دوایی کردبوو. 


سەرچاوەکان



1675 بینین